2011/7/26 + حامید
ئەو ئێرانیانەی خەریکی خۆ فێر کردنی فڕۆکەوانی بوون دەرکران.
فڕۆکەوانە ئێرانییەکان بەهاری ئیمساڵ لە سوێدا دەورەی راهێنانیان دیوە، بەڵام ئێستا لەو قوتابخانەی راهێنانی فڕۆکەوانیە لە ئارلاندا دەرکران.
هۆکار: کومپانیای فڕۆکەوانی "ئیران ئایر" یارمەتی تێروریستەکانی داوە.
زانایەکی بواری تێرۆریست بە ناوی ماگنوس رانستۆرپ (Magnus Ranstorp) لەسەر ئەم قوتابخانەی راهێنانی فڕۆکەوانیە دەڵێ: " کەس نایهەوێ ناوی دەنگۆی بۆ رابردووی خۆی بەو جۆرە پێوەندیانی رەش بکا."
لە مانگی یەکەمی ئیمسالەوە فڕۆکەوانەکانی "ئیران ئایر" لە قوتابخانەی راهێنانی Oxford Aviation Academy کە پێشتر ناوی OAA (SAS Flight Academy) بوو، خۆیان فێری لێخوڕینی فڕۆکەی مسافربەری MD80 دەکرد.
سیاسەتێکی نوێ بەرگری لە راهێنانی ئەو فڕۆکەوانە ئێرانیانە دەکا.
OAA لە بڵاگەکەی خۆیدا نووسیوە کە کۆتایی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کومپانیای "ئێران ئایر" دێنێ.
ئەو کومپانیایە ئەو کرادارەی خۆی پێوەیدنیدار دەکا بەو گەمارۆ ئابووریانە هەیە کە ئێستا ئامریکا خستوویەتە سەر ئێران. ئامریکا لەوە باوەڕەدایە کە "ئێران ئایر" پێوەندی بە IRGC (سپای پاسدارانی ئێران) هەیە. رێکخراوێک کە یارمەتی تێرۆریستەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدا.
هەموو پێوەندییەکانی دەپسێنێ
کومپانیای "ئێران ئایر" یارمەتی کەرەستەیی و سیرڤیس بە سپاسی پاسداران دەدا. هەربۆە هەموو جۆرە پێوەندییەکانمان لەگەڵ Iran Air و کومپانیای دیکە لە ئێران‌دا دەپسێنین.
Magnus Ranstorp دەڵێ ئەمە زیادکردنی ئەو هێزەیە گەمارۆیەیە کە ئێستا خراوەتە سەر ئێران. ئەو هەروەها ئیشارە بەوە دەکا کە بەم تازەییانە بڕیای چوار کەسی ئەندامی حیزبەڵا دەرکراوە کە پێوەنیان لەگەڵ سپای پاسدارانی ئێران هەبووە. ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێ ئەو بەشە نەهێنیەی حیزبەڵا کە خەریکی کاری تێرۆریستیە، وەک سپای پاسداران وایە کە حیزبەڵایە. هەروەها ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەمە سەرتای بەشێکە لەو گەمارۆیەکی گەورەتر دژ بە ئێران...
سەرچاوە: رۆژنامەی ئافتونلادیت.
http://www.aftonbladet.se/senastenytt/ttnyheter/inrikes/article13299857.ab
درێژه‌ی باسه‌که
2011/7/26 + حامید
نووسین: کەیهان یووسفی

ئەوەیکە هەنووکە وەکوو بابەتێکی رۆژەڤ باسی لێدەکرێت، باسی پێوەندی رووناک‌بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و بە تایبەت هەراو هەڵای کەسانێک کە هەنووکە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە رووناکبیری کورد پێناسە دەکەن و زمانی رەخنەیان تەینا تەژییە لە دروشم و تێگەیشتنێکی بەرتەسک و لاواز لە دۆخی کەتواری کۆمەڵگای کوردی و هیچ چەشنە راڤە و لێکدانەوەیەکی زانستی و چارەسەرکەر لە نێو لێکدانەوەکانیدا بەدی ناکرێت. واتە زمانی رەخنەی ئەوان نەک لە سەربنەمای عەقڵیەتێکی رەخنەگرانە بۆ لە ناوبردنی چوارچێوە و نۆرم و داب و نەریتە کۆن و داوکەوتوو و داسەپاوەکانی سەرکۆمەڵگا یان بەواتایەکی دیکە پەڕینەوەی کۆمەڵگا لە کۆنەوە بۆ نوێ، بەڵکوو هەرکامیان بەستراونەتەوە بە لایەن و ناوەندێکەوە کە گۆڕانی تەنیا لە بەر بەرژەوەندی دیاریکراوی گرووپی خۆی دەوێت نەک لە پێناو بەرژوەندی گشتی.
بێگومان هەوڵ و تێکۆشانی سەرجەم چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد، لە پێناو سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی، چەوساندنەوەی ئابووری و هەڵاواردنی جینسیەتی دا بووەو لەم رێبازەشدا هەر کەس بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆی بەردێکی لە سەر ئەو بناغەی کە خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم خاکە بینای کردووە دادەنێت و بێگومان دەبێت گشت هەوڵ و تەقەلاکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم رێبازە و وەدیهاتنی گشت ئاوات و ئامانجە گشتی و نەتەوەییەکانمان بێت.
"عەداڵەت"و "ئازادی"، تەنیا دوو چەمکی ئابستراکت نین، بەڵکوو ژێرخانی بەرهەمهێنان و لە دایکبوونی زۆربەی ئەندێشە و قوتابخانە فیکرییەکان و هەروەها ئامیانی هەڵگیرسانی شۆڕش و سەرهەڵدانەکان لە رەوتی مێژوودا بوون. ئەم دوو چەمکە پێویست و پێویستمەندی یەکترن و لە نەبوونی یەکیاندا، مرۆڤ و کۆمەڵگا ناتوانێت هەست بە هێمنی و ئاسایش بکات.
مرۆڤ و کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە هێمنی و ئاسایش پێویستیان بە وەدیهاتن و جێگیر بوون و رەچاوکردنی ئەم دوو چەمکە وەکوو کۆڵەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگا هەیە. هەر بۆیەش لە هێڵی کامڵ‌بوون و بەرەوپێشەوەچوونی رەوتە فیکرییەکانی پێکهێنەری ئەو قوتابخانە فیکرییانەی کە بوونە هۆکاری گۆڕاندنی رواڵەت و بنەماو پێکهاتەی کۆمەڵگا و حکوومەت و ژیانی مرۆڤەکان، ئەم دوو چەمکە وەکوو خواستی سەرەکی تاکەکان بۆ گەیشتن بە دۆخ و ژیانێکی خوازراو و وەدیهاتنی گشت ئاوات و خۆزگە مێژووییەکانی مرۆڤ گەشەیان کرد و پەرەیان سەند.
بێگومان گۆڕانکارییە فیکرییەکان شوێندانەریی لە سەر شێواز و چۆنیەتی ژیانی تاکەکان داناوە و بوەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەربڵاو لە ستراکتۆر و ناوئاخنی ژیانی تاکەکاندا.
ناسیۆنالیزم و خەباتی نەتەوەیش یەکێک لە مێتۆدەکانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگای شیاوی ژیانی مرۆییانە پێناسە کرا و زۆرن ئەو گەلانەی کە لەم رێگەوە هەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگای خوازراوی خۆیانیان داوە.
ئەگەر بە پێی پێناسە و تیۆرییەکانی ناسیۆنالیزم بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بڕوانین دەبینین کە ئەم بزووتنەوەیە لە زۆربەی بەشەکانیدا نەیتوانیوە تا هەنووکەش قەوارە و فۆرمی بزووتنەوەیەکی ناسیۆناڵیستی بە گشت تایبەتمەندییەکانیەوە لە خۆ بگرێت. یەکێک لە کێشە دیارەکانی ناسیۆناڵیستی کوردی هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە تاکوو ئێستا ئەوەیە کە بەبێ زانینی ناسیۆناڵیزم و بەبێ ناسینی خۆی و بەبێ بوونی گوتارێکی کراوەی ناسیۆناڵیستی دواوە و بەردەوامیش لە رەخنەگرتنێکی عاتفیانەدا بووە بەرامبەر بە گەلی کورد و بزووتنەوەکان.
لێرەدایە کە ئێمە دەبێت بە وردی لە سەر بارودۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵگای کوردستان و توانایی و هێز و ئامرازەکانی خۆمان بۆ کردەوەیی کردنی خەون و خۆزگەکانی هەر تاکێکی کورد یان هەنگاوهەڵهێنان بەرەوە لای ئامانجی کۆیی گەلی کورد ئەم لێکدانەوە بکەین و بە لە بەرچاوگرتنی کەتواری سیاسی کورد لە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا رەخنەکانمان بخەینە بەردەم بیروڕای گشتی و بە تایبەت ئەکتەر و رۆڵگێڕانی سەرەکی ئەم بیاڤە.
بێگومان بوونی گوتارێکی بە هێز‌ی ناسیۆناڵیستی دەتوانێت ببێتە هۆکاری سەرەکی پێکهێنەری بزاڤێکی ناسیۆناڵیستی کە ئەم بزاڤەش خاوەن پرۆژەیەک دەبێت لە ژێر ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵام ئێمە دەبینین کە دەوڵەتی نەتەوەیی، وەکوو دوائەنجاومی بزووتنەوە کوردییەکان تا هەنووکەش باسی پێوە نەکراوە و هەوڵی جیددیش بۆ نەدراوە و رەنگە هێندێک لایەن لە بزووتنەوەدا ئیددیعای وەها شتێکیان کردبێت کە ئەمش تەنیا لە بازنەی دروشم‌دا نەبێ تێناپەڕێت و وەکوو ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی بەرژوەندی تاقمی و گرووپی بە مەبەستی هاندان و کەڵک ئاژۆ وەرگرتن لە هەستی خاوێنی خەڵکی کورد بە کار هاتووە. لە پێناسەی گوتاری نەتەوەیی دا کە رەنگە زۆرجار زۆر رەوت و لایەن خۆیان بە هەڵگری ئەو گوتارە بزانن لە واقعدا بەم چەشنە پێناسە دەکرێت: "گوتاری نەتەوەیی ئەو گوتارەیە کە بارگاوی کراوە بە رەگەز و توخم و ویستەکانی ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوە کە ئەوەش لە پلەی یەکەمدا سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیییە کە ئەوەش لە گەڵ پێکەوە ژیان لە گەڵ نەتەوەکانی تردا یان ژیان لە سێبەری ئیمپراتۆریەتی نەتەوەکانی دیکەدا ناگونجێت".
بەڵام ئێمە دەبێین گوتاری کوردی بە فۆرمی باشووری، رۆژهەڵاتی، و باکوورییەکەیشەوە کە دوایینیان خۆی بە هەڵگری گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی پێکهێنەری دەوڵەتی نەتەوەیی دەزانێت لە کردەوەدا خوازیاری ژیانن لە گەڵ نەتەوەکانی تر و لە ژێر سێبەری پێکهاتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کە لە پێشتریشدا بە چەشن و قەوارەیەکی تر زاڵبووە . نموونەی هەر بەرچاوی ئەم راستیەش بوونی کەتوارێکی بەرهەست وەکوو، هەرێمی کوردستانی عێراق، و هەروەها ئارمانجی درووستبوونی هەرێمی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی تورکیە بۆ ژیانێکی ئاشتیخوازانە و برایانە لە گەڵ برا چەوسێنەرەکانی دوێنێ کە بەرنامە و پرۆگرامی هەنووکەیی زۆربەی رەوتە سیاسەکانی گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەیی کوردە.
کەوابوو کەتواری سیاسی ئێمەی کورد بە بزووتنەوەکانیشمانەوە هێشتا خولیای پێکهێنانی پێکهاتەیەکی سیاسی هەرێمیە، کە لەم پێناوەشدا دەبێت گشت رەوت و لایەن و چین و تویژێ کۆمەڵگا هاوتەریب بۆ گەیشتن بەوە هەوڵ بدەن، بە واتایەکی دیکە دەتوانین وەهاش بڵێین کە ئەو هەقیقەتەی کە بۆتە هۆی سەرهەڵدان و هەڵسانی تاکی کورد تاکوو لە بەرانبەر دۆخی هەنووکەیی و دەسەڵاتی زاڵدا راپەڕێت و بۆ گۆڕینی بارودۆخی داسەپاوی سەر کۆمەڵگاکەی تێبکۆشێت، دەسەڵاتێکی هەرێمی یە، نەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ کە رەنگە بۆ هەرتاکێکی سڤیلی کوردیش دەوڵەتی نەتەوەیی لەم کات و ساتەدا تەنیا وەکوو بابەتێکی زەینی و خەونێک وێنا بکرێت.
بێگومان دەبێت جۆری بیرکردنەوەی تاکێکی سیاسی و تاکێکی خوێندەوار بە لێزان و رووناکبیرییەوە جیاواز بێت لە گەڵ تاکی ئاسایی و سڤیل و قووڵایی بیرکردنەوەی ئەمان زۆرتر و بەرینتر بێت و روانین و تێگەیشتنیان لە شتەکان روانین و تێگەیشتنێکی عەقلانی بێت نەک لێکدانەوەیەکی بەرتەسک و ساویلکانە و تەنیا بیچمگرتوو لە سەر بنەمای هەست. ئەوەیکە راستی بێت و حاشای لێ ناکرێت لە هەنگاو هەڵهێنان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگای تەندروست و دێموکراتیک تاکوو زۆربەی ماف و داخوازییەکانی مرۆڤ وەدی بێت بیرمەندان، بیردۆزان، ئیلیتە سیاسیەکان، کەسایەتیە کاریزماتیک و رێبەرە شازەکان لە گەل توێژێک لە ژێرناوی رووناک‌بیر شوێنداری و دەورگێرییەکی بەرچاویان بووە و ژیانی خۆشیان لەم پێناوەدا کردۆتە قوربانی.
تەوەری باسەکەی ئێمە هەروەک لە سەرەوە هێمامان پێ‌کرد باس لە رۆڵ و شوێنداری و ئەرکەکانی رووناکبیری کوردی رۆژهەڵاتی لەم دۆخەی کۆمەڵگای کوردستاندا دەکات و هەر بۆیەش دەبێت لە درێژەدا بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بدەینەوە و تاوتوێ باسەکەمان بکەین :
· رووناک‌بیر کێیە؟ یان بەکێ دەتوانین بڵێین رووناک‌بیر؟
· ئەرکی رووناک‌بیر کامەیە؟
· ئایا کۆمەڵگای کوردستان دەتوانێت رووناک‌بیر باربهێنێت؟
· پێوەندی رووناکبیران و بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلەکەمان و رۆڵی رووناکبیران دەتوانێت چی بێت؟
لە مەڕ چەمکی رووناک‌بیر پێناسە و ڕای جیاواز لە ئارادایە و وەکوو گشت بابەتەکانی زانستە مرۆییەکان ناتوانین پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆی بدۆزینەوە، بۆیە لێرەدا ئێمە وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی دەرکەوتن و باوبوونی ئەم چەمکە و گشتگیر بوونی دەکەوینە شرۆڤە وتاوتوێ کردنی چەن پێناسەیەک.
رووناک‌بیر یان Intelligentsia (لە لاتینیدا Intelligentia بەمانای هۆش، پەیبردن و دەرککردنە). لە رواڵەتدا یەکەمین جار لە رووسیا بەکارهات. بەو مانایە کە کەسانێکی دەگرتەوە کە زانکۆیان تەواو کردبوو و کاریگەریی کولتووری رۆژئاواییان لە سەر بوو، ئەمانە گرووپی بچووکیان لە دەرەوەی چوارچێوەی ترادسیۆنەکان پێک دەهێنا.
بەڵام چەمکی رووناک‌بیر(Intelligentsia) لە کەیەوە بووە چەمکێکی گشتگیر و چەمکێکی باو، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی دادگایی کردنی ئەفسەرە جوولەکەکەی سوپای فەرانسە لە ساڵی 1894 واتا "درێفۆس" کە بە تاوانی خیانەت و سیخۆڕی بە لەشکری فەرانسە حوکمی زیندان درا و دوور خرایەوە، کە لەو کاتەدا "ئەمیل زولا"ی نووسەر و رۆماننووس لە نامەیەکدا دامودەزگای یاسایی و قەزایی و هەروەها سوپای فەرانسەی هێنایە ژێر پرسیار، ئەم هەڵوێستە بووە هۆی قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنی " ئەمیل زۆلا" و هەروەها سزادانی ماددیی، کە لە پەرچەکردارێکدا 300 کەس لە نووسەران و هونەرمەندان و ... لە نامەیەکدا کە بە نامەی "رووناکبیران" بە ناوبانگ بوو پشتیوانی خۆیان لە ئەفسەرە جوولەکەکە و "ئەمیل زۆلا" دەربڕی کە پاش ئەوە دەسەڵات پاشە کشی کرد و ...
ئەم دیاردەیە زیاتر نە وەک رووداوێکی میژوویی کە بوونی رووناک‌بیر بەمەوە ببەستینەوە بەڵکوو ئەنجامەکانی ئەم کێشەیە رووناکبیری وەک دیاردەیەکی نوێ لە کۆمەڵگای مودێڕندا بەرجەستە کرد و فۆرمێکی تازەی پێ بەخشی و ئەمیل زۆلای وەک رووناکبیرێکی دەروەست ناساند و رووناکبیری لە فەرانسە و شوێنەکانی دیکە باو بوو.
بەڵام رووناک‌بیر کێیە؟ ئایا دەبێت وەکوو زۆلا لایەنگری داد و مافەکانی خەڵکی ستەم لێکراو بێت و دژی ناعەداڵەتیەکانی دەسەڵات بوەستێتەوە؟
"ژوولین بندا" لەم پێوەندییەدا وەها دەڵێت:" رووناکبیری واقعی کەسێکە کە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا هەقیقەت بڵێت. رووناک‌بیر بەستراوەتەوە بە چینێکی هەژار و بێ نوێنەر، رووناک‌بیر مرۆڤێکە کە تێڕوانینێکی جیهانی هەیە و ئیزن نادات کە باوەڕ ئایدۆلۆژیک و ئایینیەکان لە سەر تێگەیشتن و هەڵسوکەوتی کاریگەری دابنێن. رووناک‌بیر نابێت چوارچێوەیەک قەبووڵ بکات و روانین و روانگەی گشتی خۆی دەبێت بەردەوام بگۆڕێت و تووشی بیرکردنەوەیەکی دۆگم و بەرتەسک نەبێت.
ئەم پێناسەی ژوولین بندا هەڵگری چەن فاکتەرێکە کە لەسەرەوە هێڵمان لە ژێریدا کێشاوە و بریتین لە : وتنی هەقیقەت، بەستراوەیی بە خوارترین چینی کۆمەڵگا، تێڕوانینی جیهانی، قەبووڵ نەکردنی چوارچێوە، گۆڕانی تێڕوانینی.
بەڵام پرسیارێک کە لێرەدا ئێمە لە گەڵی رووبەڕووین ئەوەیە کە هەقیقەت چی یە؟ ئایا هەقیقەت شتێکی بەرهەست و هەستپێکراوە کە لە جیهانی واقعدا هەیە یان نا تەنیا شتێکی زەینی و یۆتۆپیایە کە مرۆڤ قەت دەستی پێی ناگات. باسی هەقیقەت و لە سەروو دانانی لەس سەر واقعیەت رەنگە باسی ئێمە نەبێت بەڵام ئەوەیکە ئێمە دەبێت لێرەدا پێبگەین ئەوەیە کە هەقیقەتێک کە رووناک‌بیر بۆی تێدەکۆشێت کامەیە. بە چی دەتوانین بڵێین هەقیقەت ئایا رووناک‌بیر بە دوای شتە زەینی و یۆتۆپیاییەکانەوە کە قەت وەدی نایەت، ئایا هەوڵدەدا بۆ گەیشتن بە ئارمانجێک کە دەبێ هێواش هێواش نزیکی ببیتەوە و گەیشتن بە یەکجارەکی و وێناکردنی تەنیا هەنووکە بە بابەتێکی زەینی و خەونێک وەسف دەکرێـت.
رامین جەهانبگلوودەڵێت کە "رووناک‌بیر کەسێکە کە بۆ هەقیقەت و لە نێو هەقیقەتدا دەژێت نەک بۆ هیچ دەسەڵات و ئایدۆلۆژییەک". ئێمە لێرەدا و بۆ کامڵکردنی ئەم وتەی جەهانبەگلووە شتێکیش لە میشێل فۆکۆ بگێڕیننەوە کە دەڵێت:" رووناک‌بیر رەخنە لە واقع دەگرێت، ئەوە دەسەڵاتە کە واقع بەرهەم دێنێت، لە هەر شوێنێک دەسەڵات هەبێت بەرەنگار بوونەوەش هەیە، بۆیە ئەگەر رووناک‌بیر بۆ دەسەڵات مل کەچ ناکات چیرۆکەکە بێ کۆتاییە".
هەروەک لە پێناسەکەی بندا دا باسمان کرد رووناک‌بیر لە بەرانبەر دەسەڵاتدا هەقیقەت دەڵێت. واتا لە بەرامبەر واقع کە بەرهەمی دسەڵاتە ئەوە رووناک‌بیر کە هەقیقەت دێنێتەوە بیر و باسی لێوە دەکات.
بەڵام هەقیقەتیش ناتوانێت چەمکێکی یەکگرتوو و ئابستراکت بێت و بە پێی روانگە و تێڕوانینەکان سەبارەت بە جیهان دەتوانێت جیاواز بێت. لە لای تاکێکی ئیسلامی هەقیقەت تەنیا لە ناو زاتی "الله"دا وێنا دەکرێت. هەروەها بۆ شوێنکەوتووانی قوتابخانەی سۆسیالیزم هەقیقەت بەدەر نیە لە کۆمەڵگایەکی بێ چین و یەکسان. بۆ ئەفلاتوون هەیقەت دەتوانێت کۆمار بێت و فەرمانڕەوایی شا ـ فیلسووفەکان یان لە لای ناسیۆنالیزمێکی رادیکال هەقیقەت دەتوانێت گەل و خاک بێت و رزگار کردنی نیشتمان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی بە هێز.
"ئێدوارد سەعید" وێڕای ئەوەیکە باس لە سەربەخۆبوونی رووناک‌بیر لە ناوەندەکانی دەسەڵات واتا حکوومەت، کەنیسە، رێکخراوە پرۆفێشناڵەکان، رادیۆ، و ... دەکات کە مەبەستێکیان جیا لە بەکار گرتنی رووناکبیران بۆ ئامانجگەلێک وەک سڕینەوەی نەیاران، باش نیشاندانی شتە ناحەز و ناشیرینەکان و هەروەها بەڵارێدا بردنی بیروڕای گشتی لە بەر هۆکارگەلێک وەک " مەسڵەحەت" و " شانازی نەتەوەیی"یان نیە، خستنە بەرباسی دوو ئارمانجی " ئازادی" و "عەداڵەت" کە پێوەری هەڵسەنگاندنی کردەوەی گشت دەسەڵاتەکانە، بە بنەمای سەرەکی بوونی رووناک‌بیر ناو دەبات.
ئێداورد سەعید پێوەری هەڵسەنگاندنی کردەوەی حکوومەتەکان بە "ئازادی" و "عەداڵەت" ناوەزدەکات و بە پێی قسەکانی فۆکۆ لە بەرامبەر دەسەڵاتدا باس لەم دوو چەمکە دەکات و واقعی هەنووکەیی کە بەرهەمی کردەوەی دەسەڵات لە گەڵ ئەم پێوەر هەڵدەسەنگێنێت. کە جیاکردنەوەی نێوان واقع و هەقیقەت دەتوانێت ئەرکێکی زۆر قورس بێت.
لێرەدا ئێمە دەتوانین بەم بەرەنجامە بگەین هەروەک چۆن لە سەرەوە و لە پێناسەکەی بندادا وتمان رووناک‌بیر لە بەرانبەر دەسەڵاتدا هەقیقەت دەڵێت، هەروەها جەهانبەگلوو دەڵێت رووناک‌بیر بۆ هەقیقەت و لە هەقیقەتدا دەژێت، فۆکۆ واقع بە بەرهەمی دەسەڵات دەزانێت و ئێدوارد سەعید پێوەری هەڵسەنگاندنی کرداری دەسەڵاتەکانن بە دوو چەمکی "ئازادی" و "عەداڵەت" پێناسە دەکات کە بوونی رووناک‌بیر بەستراوەتەوە بەم دوو چەمکەوە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین هەقیقەت لای رووناک‌بیر دەتوانێت "ئازادی" و "عەداڵەت" بێت. بەڵام لە سەر پێناسەکانی ئازادی و عەداڵەتیش هاوڕایی یەکی یەکگرتوو نیە. مرۆڤ تا چ رادەیەک ئازادە و ئەم رادەیە کێ بۆی دیاری دەکات؟ عەداڵەت دەتوانێت چی بێت؟ ئایا لە روانگەی تاکێکی ئیسلامی، سۆسیالیست یان لیبراڵەوە ئەم چەمکانە بە یەک واتان؟
ئەمەش خۆی دەتوانێت کێشە خۆلقێن بێت. بەڵام هەر وەک بینیمان لە سەرەوە بندا و جەهانبەگلوو باس لە نەبەستراوەیی رووناک‌بیر بە ئایدۆلۆژی و دەسەڵاتەوە دەکەن.
کاتێک باس لە ئایدۆلۆژی دەکەین و دەسەڵاتگەلێک کە لە سەر بنەمای تاقە ئایدۆلۆژییەک پێکهاتوون یان رەوتگەلێک کە هەوڵ و تەقەلای خۆیان لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژییەک داڕشتووە و بەرنامەیان لە دوا رۆژدا کردەویی کردنی پلانەکانی ئەم ئایدۆلۆژییەیە و هەروەها کەسانێک کە خۆیان بە رووناکبیری بەستراوە بە تاقە فیکر یان ئایدۆلۆژییەکەوە پێناسە دەکەن وەکوو رووناک‌بیر سۆسیالیستەکان یان ئەوەیکە لەم ماوەی دواییەو لە ئێران‌دا بووە باسێکی رۆژەڤ واتا رووناکبیری ئایینی، چەشنێک پارداۆکس لە نێو ئیددیعا و پێناسە و تێگەیشتنی ئەمانە لە رووناک‌بیر دەردەکەوێت و دێتە ئاراوە کە دەتوانین باس لە جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان ئەوان و رووناکبیردا بکەین کە ئەوەش ئەوەیە کە ئیدۆلۆگەکان(رووناک‌بیر بەستراوەکان بە ئایدۆلۆژییەکەوە) دەیانهەوێ رۆڵی رووناک‌بیر بگێڕن بەڵام لە بەر ئەوەی لە جیاتیان بیردەکەنەوە و چوارچێوەیەکی دیاریکراویان بۆ دیاری دەکەن شکست دەخۆن کە ئەمەش لە بەر ئەوەیە کە رووناک‌بیر بۆ خۆی بیردەکاتەوە و تاکێکی سەربەخۆیە و خۆی لە نێو هیچ چوارچێوەیەکدا قەتیس ناهێڵێت کە چی ئەوان چوارچێوەی بیرکردنەوە و تەنانەت جۆری بیرکردنەوەشیان بۆ دیاری کراوە. بۆ نموونە ئێمە دەتوانین بڵێین کە نوێخوازی ئایینی مان هەیە بەڵام ناتوانین بڵێین کە رووناک‌بیر ئایینی مان هەیە چونکە ئەم تاکە( بۆ نموونە لە ئێران‌دا وەکوو بەرچاوترین کەسیان دەتوانین ئاماژە بە عەبدولکەریم سرووش بکەین) چوارچێوەیەکی بە ناو ئایینی قەبووڵ کردووە کە بەرزی بۆچوونەکانی ناتوانێت لە دیواری ئەو چوارچێوەیە تێبپەڕێت و ئەو تەنیا نەک بە بەزاندنی سنوورەکانی ئەو پێکهاتە فیکرییە بەڵکوو تەنیا بە دەستکاری کردنی هێندێک شتی لاوەکی دەیهەوێت نوێخوازییەک بکات. هەروەک وتمان دوو چەمکی ئازادی و عەداڵەت ناتوانن پێناسەیەکی یەکگرتوو و دیاریکراویان هەبێت بەڵکوو ئەگەر ئێمە وەکوو هەقیقەتێک ئەم دوو چەمکە وێنا بکەین ئەرکی رووناک‌بیر دەتوانێت ئەوە بێت کە ئەرک و هەوڵەکانی بۆ نزیکببوونەوەی هەرچی زیاتر بەم مەبەستە بێت. چونکوو ئەگەر ئێمەش روانینێکی ئایدیاڵمان هەبێت سەبارەت بەم دوو چەمکە بێگومان ئەو هەقیقەتمان لە شتێکی بەرهەستەوە کردۆتە شتێکی زەینی و فانتزی کە ناتوانین لە جیهانی واقعدا وێنای بکەین.
ئێداوار سەعید رووناکبیران بە سەردوو گرووپ دابەشدەکات و لێکتریان جیا دەکاتەوە واتا: رووناکبیرانی پرۆفێشناڵ و رووناکبیرانی ناپیشەیی(ئاماتۆر).
رووناکبیرانی پرۆفێشناڵ بە تایبەتمەندییەک وەک هاوکاری لە گەڵ یەک یان چەند ناوەندی دەسەڵات لە رووناکبیرانی ئاماتۆر بە تایبەتمەندیگەلێک وەک " لە "تاراوگە بوون" یان لە "پەراوێز بوون" و داهێنەری زمانێک کە تێدەکۆشێت هەقیقەت بە دەسەڵات بڵێت لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
رووناکبیری ئەسڵی لە لای سەعید رووناکبیری ئاماتۆرە. ئەم رووناکبیرە وتەبێژی خەڵکە و بە دوای ئارمانجگەلێک وەک ئازادی و عەداڵەتدایە. هەر بۆیەش لە خزمەت هیچ دەسەڵاتێکدا نیە. ئەو ئاگایی بە جەماوەر دەدات و وتەبێژییان پێدەبەخشێت. دۆخی لە ئارادابوو هەڵدەسەنگێنێت و رێفۆرمی دەکات.
کەوا بوو رووناک‌بیر کەسەێکە کە لە بەارنبەر دەسەڵاتدا هەقیقەت دەڵێت، خۆی لە هەقیقەتدایە و بۆ هەقیقەت دەژێت، هەقیقەت لە لای ئەو "ئازادی" و "عەداڵەت"ە، بۆ گەیشتن بەم ئارمانجانە تێدەکۆشێت، خۆی لە نێو چوارچێوەیەکی فیکری دا دیل ناکات، تێڕوانین و بیرکردنەوەی بەردەوام لە گۆڕاندایە، سەربەخۆیە و سەر بەهیچ ناوەندێکی دەسەڵات نیە، بیر و باوەڕە ئایدۆلۆژیک و داخراوەکان ناتوانن لە سەری کاریگەرییان هەبێت.
ئانتیۆنیۆ گرامشی دەڵێت: هەنووکە هەموو کەس رووناکبیرن بەڵام ناتوانن ئەرکی رووناک‌بیر بگێڕن. رووناک‌بیر ویژدانی کۆمەڵگایە، کە سێک کە دەڕەنجێنێت و کەموکورتی و گرفتەکان هۆشدار دەدات. رووناک‌بیر دەبێت زمانی خەڵک بێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا تێبکۆشێت بەڵام نابێت کە روانینی لە ژێر کاریگەری روانینی جەماوەردا بێت چونکو رەنگە جەماوەر هێندێک جار تێکڕا تووشی هەڵە بن، بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش دەتوانین ئاماژە بە رووداوەکانی دوای شۆڕشی 1979ی ئێران و رەوایی دانی زۆرینەی خەڵک بە دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە ئێران بکەین کە دوایی هەر ئەو دەسەڵاتە بووە دژی خودی ئەو خەڵکە. بەڵام ئەوەیکە لێرەدا وەکوو تەوەری کۆتایی باسەکەمان دەمانهەوێت تاوتوێ بکەین ئەوەیە کە بزانین ئێمە کێین و لە کوێدا دەژین و دەمانهەوێت بەرەوە کوێ بڕۆین. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە چ کەسانێکە؟ کێن ئەوانەی دەتوانن لە گەیشتنی خەڵک و کۆمەڵگا بە خواستەکانی یارمەتیدەر و رێگە خۆشکەر بن؟
ئەرکی سەرەکی رووناک‌بیر ئاگایی لە دۆخی جیهان و گۆڕانکارییەکانی زانستە، ئەو دەبێت جیهان بناسێت، وڵات و کۆمەڵگای خۆی بناسێت، بە دوای بەرژەوەندی تاکەکەسی و گرووپیەوە نەبێت. ئەرکی سەرەکی ئەوە کە راستیەکان بە خەڵک بڵێت. نەک ئەوەیکە بە دوای فیردەوس یان بازاڕگەرمیەوە بێت بۆ خۆی.
ئایا ئەوانەی کە ئەمڕۆ زمانی رەخنەیان نەک چارەسەرکەر و رێگا نیشاندەر بەڵکوو رۆخێنەر، نەک بارگاوی کراو بە عەقڵ و واقعبینی بەڵکوو گرێ‌دراو بە هەست و ساویلکەیی سیاسی یە، دەتوانن خۆیان بە رووناک‌بیر پێناسە بکەن کە ئێمە دەبینین بێ ئاگا لە هەموو شوێنێک دەیکەن؟
رۆژهەڵاتی کوردستان هەنووکە پێویستی بە کێیە؟ رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بەر رووناکبیرانێکە کە لە جیاتی دروشم‌دان، لێکدانەوەی رەخنەگرانە لە بارودۆخی ناوچەکە بخەنە بەرباس. ئایا هەنووکە و لێکدانەوەکانی رووناکبیرانی کوردی رۆژهەڵاتی وایە؟ ئەوەیکە دەیبینین ئەویە کە هەنووکە کەسانێک لە ژیر ناوی رووناکبیری سەربەخۆ! دەکەونە هەڵوێستگرتن بەدژی رەوت و لایەنگەلێکی سیاسی کە نەک بەرهەمهێنەری واقعی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستانن( واتا زەبر و زۆڵم و ستەمی دەسەڵات و هەروەها هەژاری و نەبوونی خۆشبژێوی خەڵک) بەڵکوو خۆیان بەشێکن لەو رەوتە کە بە دوای گۆڕانی دۆخی داسەپاوی هەنووکەیی دایە کە رەنگە لەم بوارەشدا تووشی هەڵە و کەموکۆڕی هاتبن. ئەم بە ناو رووناکبیرانە وەکوو رێبوارێک کە لە تاریکی دا رێگایان ون کرد بێت لە جیاتی رێگەخۆشکەری بۆ تێپەڕ بوونی کۆمەڵگا لە فۆرمی هەنووکەییەوە بۆ فۆرمێکی نۆێ و دێموکراتیکتر، بوونەتە لەمپەرێک لەم رێبازەدا. ئایا رووناک‌بیر دەبێت ئامرازێک بێت لە دەستی دەسەڵات و پارتە سیاسیەکانەوە؟ کە چی ئێمە دەبینین پارتە سیاسیەکان لە رووناکبیران بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی رێکخراوەیی و زاڵبوونی سیاسی خۆیان کەڵکوەردەگرن.
هەروەک لە باس و پێناسەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێ‌کرد و وتمان رووناک‌بیر لە بەرامبەر دەسەڵاتدا هەقیقەت دەڵێتەوە. هەروەها رووناک‌بیر دۆخی هەنووکەیی قەبوول ناکات و دڵ نیگەرانیی سەرەکی گۆڕانی ئەو دۆخەیە، ئەو بە گژ واقعدا دەڕوات کە واقعیش بەرهەمی دەسەڵاتە، بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دووپات دەکەینەوە کە ئایا واقعی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمی رەوتە سیاسەکانە یان بەرهەمی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و خوێن‌ڕێژ؟ بە ناو رووناکبیرانی ئێمە دەبێت بە گژ کێدا بڕۆن؟ دەسەڵات یان رەوتە سیاسیە کوردییەکان؟ خۆ راستە رەنگە هەر لایەنێکی کوردی تووشی هەڵە بووە و کەموکۆڕی هەبووە بەڵام ئایا گشت هەڵەکان هۆکارەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر خودی خۆیان؟ ئێمە نەوەکوو پاساوهێنانەوە بەڵکوو بە پێی ئەو راستیەی کە ئەوە سروشتی هەموو رووداو و کارەساتێکە کە بۆ لێکدانەوە و تاوتوێکردنی دەبێت زۆرشت لە بەرچاو بگیرێت هەم هۆکارگەلی دەرکی و هەمیش هەڵەگەلێک کە رەنگە ئەکتەرە سەرەکیەکانی گۆڕەپانی خەباتی کوردی کردبێتیان لە بەرچاو دەگرین و زیاتر هۆکارە دەرەکیەکان واتا زەبر و زۆڵمی و بە هێز بوونی داگیرکەر بە هۆکاری ئەسڵی و بە هێزتر دەزانین.
نزیک بە یەک دەیە دەبێت کە لە سەرهەڵدان یان باشتر بڵێین هاتنی ئەم باسە بۆ نێو بازنەی رووناکبیری و فیکری کۆمەڵگای کوردستان(رۆژهەڵات) تێدەپەڕێت، دەتوانین ناوی بنێنە گوتار یان تێگەیشتنێکی پاوانخواز و هێژمونیخواز کە خۆی بە راستی و هەقیقەتێک پێناسە دەکرد و بێجگە لە خۆی هیچی دیکەی لە لاوە جێی پەسەند نەبوو، تاوانبار کردنی رەوتە فیکری و سیاسیەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردی بە راوەستان و نائەکتیڤ بوون و هەڵکردنی ئاڵای نوێخوازی و داهێنان لە مێتۆدەکانی خەبات بۆ دەربازبوونی خاک و نیشتمان و هەر وەک لە بەرایی ئەم باسەشدا ئاماژەمان پێ‌کرد تەنیا تەژیی بوو لە دروشم‌دان و پڕۆپاگەندە بۆ گوتارێکی زەینی و خەیاڵاوی لە ژێر ناوی کوردستانی گەورە کە ئەمەش تەنیا لە بابەتێکی زەینی زیاتر هیچی دیکە نیە و لە هەنووکە و دۆخی واقعی سیاسی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵاتدا تەنیا دەتوانێت خەونێک بێت و بەس، بووە هۆی ئەوەیکە زۆر کەس لە خوێندەوار و رووناکبیرانی ئێمە وەکوو ئەوەی هەقیقەتی خوازراوی خۆیان پەیدا کردبێت بکەونە حاشاکردن و هێرش و پڕۆپاگەندە بە دژی ئەوەی لە پێشتردا هەبووە و هەیە و ساویلکانە خۆیان بە کەسانێک پێناسە کرد کە هەنووکە لە سەر پردی پەڕینەوەن لە کۆنەوە بۆ نوێ یان لە نەریتەوە بۆ مودێرن بێ ئەوەی توانیبێتیان جیاوازییەک لە نێوان ئەم دووانەدا بۆ خۆ پێناسە بکەن و سنووری نێوانیان لێک جیابکەنەوە و نائاگا لەوەی کە سواری بڵقاوێکن، کەوتنە هەراو هەڵا سازکردن و پڕوپاگەندە و مانۆڕدانی پۆپۆلیستانە بۆ خەڵاتاندنی بیروڕای گشتی بەڵام بە تێپەڕبوونی ماوەیەک ئەو بڵقەی کە بە دەوری خۆیاندا کێشابوویان لە ناو چوو و کاتێک لە خەو هەستان کە لە نێوان ئاسمان و زەویدا سەرگەردانن.
ئەو گوتارە نوێیەی کە مەبەستی باسەکەی ئێمەبوو بۆمان دەکەوت و بینیمان کە لە کردەوەدا هیچی بۆ گۆڕان ونوێکردنەوەی خەبات و بزاڤی کوردی پێ نەبوو نە لە تیۆری و نە لە پراکتیکدا، تەنیا توانی بە کەڵک وەرگرتن لە ساویلکەیی سیاسی کۆمەڵگای کوردی و کەڵک وەرگرتن لە کەسانێک بە ناو رووناک‌بیر کە زمانی رەخنەی خۆیان لە جیاتی دەسەڵات گواست بووە بۆ حیزبە کوردییەکان(یان بە گوێرەی دوانی ئەو گوتارە حیزبە کلاسیکەکان کە بە کلاسیک ناونانی ئەم حیزبانە ئەوان بە نەریتی و خۆی بە مودێڕن پێناسە دەکات) کە دەسەڵاتیش ئەمەی بە لاوە شتێک رەوا بوو و پێی کەیف خۆش دەبوو و بۆی هەڵدەپەڕی، توانی نەک کێشە و گرفتی کۆمەڵگای کوردستان چارەسەر بکات بەڵکوو تەنیا دەیهەویست جێی پێیەک بۆ خۆی پەیدا بکات و لە هاوکێشەی هەنووکەییدا ئەویش سەرێک بێت لە سەران.
لە کردەوەدا ئێمە بینیمان کە گوتاری نوێخواز هیچی پێ نەبوو و تەنیا ئەو کوێرە رێگانەی تاقی دەکردەوە کە پێشتر لایەنەکانی دیکە تاقییان کردبووەوە و کۆمەڵگای کوردستان تێچووی بۆ دابوو و ئەزموونی کردبوو کە چی ئەمان وەکوو سیزف ئەو بەردەیان لە خۆڕا و بە هێز‌ی خەڵکی کورد جێبەجێ دەکرد. ئەم بە ناو رووناکبیرانە بێ ئەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی ورد و زانستیانە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان بن، بێ ئەوەی بە گومانەوە بە شتەکان بڕوانن و بە گومانەوە ئەو گوتارە نوێیە تاوتوێ بکەن و لێکی بدەنەوە کە ناوئاخنی چیە، خۆیان لە نێو گوتارەدا خنکاند و ئەوەیان بە تەوەری راستی و هەقیقەت پێناسە کرد و بە وتەیەکی دیکە ئەوان هەروەک وتمان خۆیان خنکاند چونکە هەروەک لە سەرەوەش باسمان کرد رووناک‌بیر نابێت خۆی لە نێو چوارچێوەیەکدا ببەستێتەوە، بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیەکە ئێمە پرسیار بکەین کە ئایا کۆمەڵگای ئێمە توانای بەرهەمهێنانی رووناکبیری هەیە؟ ئایا رووناکبیری ئێمە ئەو توانایە هەیە کە بتوانێت چاکە و خراپە لێک بداتەوە؟ ئایا رووناکبیری ئێمە خاوەنی گوتارێکی تایبەت بە خۆیە؟ گوتارێک کە پەیوەست بە هەقیقەت بێت و لە ئازادی و عەداڵەتەوە سەرچاوەی گرتبێت؟
گوتارەکەی رووناک‌بیر دەبێت گومان دروست بکات و ئەوشتانە وەبیر بخاتەوە کە لە بیرکراون و هۆشیاری رابچلەکێنێ. لەم رێگەشەوە بتوانێت بوێری کۆمەڵایەتی دروست بکات. بەڵام ئایا کۆمەڵگای کوردستان بۆ بە گژداچوونەوەی دەسەڵات بوێرتر بوو؟ گوتاری نوێ لە کردەوەدا کۆمەڵگای کوردستانی نەک بەرەوە ئەکتیڤکردنەوە بەڵکوو بە ڕای من بەرەودواتر ئەگەر نەبردبێت بووە هۆی دروستکردنی لەمپەرێک لە بەرامبەر بەرە پێشەوچوونی کۆمەڵگای کوردی و راوەستانی.
گرفت لەوەدا بوو کە بیردۆزانی گوتاری نوێ و شرۆڤەکەران و جێبەجێکەرانی هێشتا لە مانای گۆڕان تێنەگەیشتبوون و بەدوای گۆڕانکاری لە فۆرمی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا بوون کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو گوتارە نەک هەڵقوڵاوی دڵی کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات بەڵکوو شتێکی هاوردەبوو کە نەیتوانی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگای کوردستان(رۆژهەڵات) رێک بخات و هەڵگرانی ئەم گوتارە بە بەراوردکردنی نالۆژیکی دوو شتی جیاوازییان بە یەکەوە هەڵدەسەنگان واتا کۆمەڵگای دایک( ئەو شوێنەی کە ئەو گوتارەی بەرهەم هێنا بووـ کوردستانی باکوور) و کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات و ئەوان بە دوای گۆڕانی کۆمەڵگای کوردستان و گونجانی لە گەڵ ئەو گوتارە بوون نەک ئەوەیکە گوتار و کۆمەڵگا دەبێت بە شێوەیەکی دو لایەنە خۆیان لە گەڵ یەکتری رێک بخەن.
هەروەک لە سەروەش لێدواین، هەنووکە و لە واقعی سیاسی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەونبینین بە کوردستانێکی گەورە تەنیا دەتوانێت خەون بێت، رووناکبیری ئێمەش دەبێت بە دوای هەقیقەت بگەڕێت کە هەقیقەتیش بە شێوازی رەها دەست ناکەوێت بەڵام دەکرێت هەنگاو بە هەنگاو لێی نزیک ببیتەوە، ئازادی و عەداڵەت بۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو دوو تەوەری سەرەکی بزووتنەوەی کوردی زیاتر لە نیو سەدەیە لە ئارادایە و بێگومان بە تەیار کردنی گشت هێزەکانمان دەتوانین لە کردەوەدا هەنگاوێکی سەرەکی بۆ هەڵبگرین نەک ئەوەیکە شتە واقعەکان و ئەو شتانەی کە لاقێکیان لە جیهانی واقعدا هەستی پێدەکرێت لە پشت گوێ بخەین بۆ شتە خەیاڵی و زەینی یەکان.
* ئەم بابەتە لێکدانەوەیەکی لە مەڕ دۆخی سیاسی و هەڵسوێستی رووناکبیران لە کوردستانی ئێران
سەرچاوەکان:
1ـ رۆشنبیر کێ یە؟ چارەنووس چیە؟ ـــــــ کۆمەڵە وتار، وەڕگێڕانی سۆران عەلیپوور
2ـ رۆشنبیر، کۆمەڵگا، دێموکراسیەت،ـــــــ بەختیار عەلی، مەریوان وریا، ئاراس فەتاح
3ـ تمدن و تجدد ـ جمشید بهنام ، رامین جهانبگلو ( گفتگو)
4ـ بین گذشته و آینده ــــ رامین جهانبگلو
5ـ گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی ــــ عەتا قەرەداخی
درێژه‌ی باسه‌که
2011/6/23 + حامید
23ی 6ی 60 پێشمه‌رگه‌کان له هێرشێکدا پێگه‌ی رێژمیان له به‌رزاییه‌کانی "تیانه" یان گرت و 1 خومپاره ئه‌ندازیان و 1 کالیبر 50ی یان ته‌قانده‌وه له‌م عه‌مه‌لیاته دا یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان به ناوی "عه‌زیز فه‌تحی کورده" زه‌خمی و به هۆی کاریبوونی برینه له رێکه‌وتی 7 ی 7 شه‌هید بوو.
6ی7ی 60 به هۆی خۆپێکدادانی ماشین یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کانی به ناوی "حه‌سه‌ن به‌قایی" شه‌هید بوو.
17ی 7 ی 60 به‌هۆی به‌ربه‌ره‌کانێی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه دژی هێرشی هیزه‌کانی رێژیم به ئاوایی "کۆره‌ده‌ر" له به‌رزاییه‌کانی " تیانه" و "سه‌راوبکان" (سرابکان) تێکشکا. له‌م هیرشه دا که 48 کاتژمێر درێژه‌ی کێشا 16 که‌س له هیرشکه‌ران کوژران و ژماره‌یه‌کی زۆریان لێ بریندار بوو. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان له‌م به‌ربه‌ره‌کانێیه‌دا یه‌ک هه‌لیکوپته‌ری شه‌ڕکه‌ری تۆپداری رێژمیان به‌ردایه‌وه.
ده‌سته‌کوته‌کانی ئه‌م شه‌ڕه بریتین له: 3000 هه‌زر فیشه‌ک، گوله‌ی خومپاره 6 دانه. موشه‌کی ئارپیجی 1 دانه، مین زد نه‌فه‌ر 9 دانه، نارنجه‌ک ده‌ستی 50 دانه، په‌توو 50 دانه، چادور 2 دانه، لووله‌ی یه‌ده‌کی تیربار یه‌ک دانه.
21ی 7ی 60 به هۆی به‌ربه‌ره‌کانێی پێشمه‌رگه‌کانه‌وه، هیرشی هێزه‌کانی رێژیم بۆ ده‌وروبه‌ری شاری کامیاران به‌رپه‌رج درایه‌وه، له‌م شه‌ڕانه‌دا که 48 کاتژمیر درێژه‌یان هه‌بوو زیاتر له 35 که‌س له هێرشبه‌ران کوژران و بریندار بوون. له شه‌ڕه‌کاندا به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێک که له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانه‌وه دانرابوو، ماشینێکی هێزه‌کانی رێژیم له نێو چوو و 18 که‌س له سه‌رنشینه‌کانی کوژرا و بریندار بوون. هه‌روه‌ها ده‌سته‌یه‌کی تر له پێشمه‌رگه‌کان له نێوان ئاواییه‌کانی "گه‌شکی" و "شاهینی" ماشنێکی هێزه‌کانی رێژیمیان دایه به‌ر هێرشی خۆیان و هه‌موو سه‌رنشینه‌کانیان بریندار کرد.
25ی 7ی 60 پایگاکانی رێژیم له ئاواییه‌کانی "لۆن"، "گه‌شکی" و "شاهینی" که‌وتنه به‌ر هێرشی هێز‌ی پێشمه‌رگه و له‌م عه‌مه‌لیاتانه‌دا زیاتر له 13 که‌س له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و ژماره‌یه‌کیشیان لێ بریندار بوون.
26ی 7ی 60 پێشمه‌رگه‌کانی هێز‌ی زرێبار و هێز‌ی بێستوون پێگه‌ی هێزه‌کانی رێژیمیان له ئاوایی لۆن و ده‌وروبه‌ریان خسته به‌ر ده‌ستڕێزی خۆیان و 40 که‌سیان لێ کوشتن و ژماره‌یه‌کیشیان لێ بریندار کردن و پاشماوه‌که‌یان مه‌جبوور بوون پێگه‌که به‌جێ بێڵن. که‌لاکی 3 که‌س له کوژراوه‌کان به ناوه‌کانی "عه‌بدولباست سفیدرو" (فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانی روانسه‌ر) ، ئه‌سه‌دوڵا عه‌لیخانی و حه‌سه‌نغولام میرزایی بۆ پێشمه‌رگه‌نا ناسران، هه‌روه‌ها پیشمه‌رگه‌کان له‌م شه‌ڕانه‌دا 4 تفه‌نگ و ژماره‌یه‌کی زۆری که‌ره‌سته‌ی نیزامیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
1ی 8ی 60 به‌هۆی به‌ربه‌ره‌کانێی پێشمه‌رگه‌کان هێرشی هێزه‌کانی رێژیم له به‌رزاییه‌کانی ئاوایی "چرۆسانه" تێکشکا، له‌م تێکیهه‌ڵچوونه‌دا 3 که‌س له هێرش به‌ران کوژران و 3 که‌سیش بریندار بوون.
3ی 8ی 60 به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له سه‌ر جاده‌ی " گسلی" (؟) ماشینێکی سیمرغی هێزه‌کانی رێژیم ته‌قییه‌وه و هه‌موو سه‌رنشینه‌کانی کوژران.
9ی 8ی 60 پێشمه‌رگه‌کان چوونه نێو شاری کامیاران و هاوکات پێگه‌کانی هێزه‌کانی رێژیمیان له به‌خشدار و پمپ به‌نزینیان دایه به‌ر هێرشی خۆیان. له ژماره‌ی کوژراو و خه‌ساره‌تی رێژیم زانیارییه‌ک له ده‌ستدا نییه.
9ی8ی 60 پێشمه‌رگه‌کان له ئاوایی "گومه‌ته" له 6 کیلیمیتری شاری کامیاران، یه‌ک ماشینی تویتای سپای پاسدارانیان ته‌قاندوه و شۆفیره‌که‌ی به ناوی "که‌ریم نه‌سیری" پاسدار کورژرا.
10ی 8ی 60 دوو پاسداری موتورسوار به ناوه‌کانی "حوسێن زینالپوور" و "ولیعولای برفی" له نێوان جاده‌ی کامیارن ـ روانسه‌ر دا کوژران. له‌م عه‌مه‌لیاته‌دا پیشمه‌رگه‌کان دوو کڵاشینکۆف و 8 خشاب و 1 تفه‌نگ ژـ3 و یه‌ک دووربینیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
له هه‌مان رۆژدا پیشمه‌رگه‌کان هێرشی هێزه‌کانی دوژمنیان بۆ سه‌ر ئاوایی چرۆسانه تێکشکاند و له شه‌ڕێکی 3 سه‌عاته‌دا ژماره‌یه‌کی زۆریان له هێزه‌کانی رێژیمیان کوشت و بریندار کرد.
16ی8ی 60 پێشمه‌رگه‌کان پێگه‌ی جاش و پاسداره‌کانیان له کامیاراندا دایه به‌ر هیرشی خۆیان و خه‌ساره‌تیان پێ گه‌یاند.
17ی 8ی 60 پێشمه‌رگه‌کان جاده‌ی نێوان کامیاران ـ کرماشانیان به ماوه‌ی 3 و نیو کاتژمێر خسته کونترۆڵی خۆیان و 3 ماشێنی هێزه‌کانی رێژیمیان به ده‌ستکه‌وت گرت. پێشمه‌رگه‌کان 8 سه‌رنشینی ماشینه‌کانینان ده‌رهێنا و ماشینه‌کانیان ئاگر تێبه‌ردا. ناوی دیله‌کان به‌م جۆره‌یه:
1ـ عه‌بباس بلوور به‌رپرسی کومیته‌ی ئیمدادی شاری کامیاران،
2ـ نعمه‌ت نیاوه‌رفرج، پاسدار
3ـ نعمت ناسری، پاسدار
4ـ سه‌ید عه‌لی سنینی، سه‌رباز
5ـ سه‌ید عه‌لی درودی، سه‌رباز
6ـ غولامره‌زا رایگان، سه‌رباز
7ـ مه‌نسوور فه‌تحی، جاش
8ـ که‌یمورس روستمی، جاش
21ی 8ی 60 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان ئاواییه‌کانی "لۆنی سادات" و "پشته" هێرشیان کرده سه‌ر ده‌سته‌یک له جاشه‌کان و دوو که‌سیان به ناوه‌کانی " به‌ران رۆسته‌می" و "عه‌بدولکه‌ریم محه‌ممه‌دی"یان لێ کوشتن و یه‌ک که‌سیشیان به ناوی " عه‌لی نووری"یان لێ به دیل گرتن.
هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان سێ قه‌بزه تفنگی بڕنه‌و و 300 فیشه‌نگیان به ده‌سته‌که‌وت گرت.
26ی 8ی 60 پێشمه‌رگه‌ن له هێرشێکی سه‌رکه‌وتووانه ده‌ستیان به سه‌ر پایگای ئاواییه‌کانی "لۆن" و "چرۆسانه"دا گرت و زیاتر له 30 که‌س له هێزه‌کانی رێژمیان له‌م پایگایاندا کوشت و ژماره‌یه‌کی زۆریان بریندار کرد و یه‌ک پاسداریان به ناوی " محه‌ممه‌د ره‌زا"یان به ده‌یل گرت و هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان له‌م عه‌مه‌لیاته‌دا یه‌ک خوپاره 81 میلیمیتری و 36 گوڵه و 6 تفه‌نگ و 15 گولله ئارپی جی 3200 فیشه‌ک، بیسیمێکی پی ئار سی 77 و 36 نارنجۆکیان به ده‌سته‌که‌وت گرت.
28ی 8ی 60 به هۆی به‌ربه‌ره‌کانێی پێشمه‌رگه‌کان هێرشی هێزه‌کانی رێژیم بۆ ئاوایی "چرۆسانه" تێکشکا و 4 که‌سیان لێ کوژرا.
---------
8ی6ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له دوو رۆژ شه‌ڕ له نێوان کامیاران ـ راونسه‌ر و کامیاران ـ ماوایان" سێ جاش به ناوه‌کانی وه‌لی فاتحی، عه‌لی ئه‌کبه‌ر که‌ره‌می و علی داد حه‌قمرادی کوشت و ماشینه‌که‌یانیان ته‌قانده‌وه.
9ی6ی 61 دوو که‌س له پێشمه‌رگه‌کان به ناوه‌کانی هوشنگ محه‌ممه‌دی و جه‌مشید هه‌شه‌لی دوای ماوه‌یک ئه‌سیری له زیندانی رژیمدا تیرباران کران.
12ی 6ی 61 پێشنمه‌گه‌کان به له هێرشێکدا بۆ سه‌ر پاسکای گازرخانی زه‌ربه‌یه‌کی زۆری گیانی و ماڵیان له هێزه‌کانی دوژمن دا.
16ی 6ی 61 له هێرشی پێشمه‌گه‌کان به پێگه‌ی ریژیم له به‌رزاییه‌کانی "په‌تڵیه‌ر" 8 که‌س له هێزه‌کانی دوژمنیان کوشت و زۆریشیان لێ برایندار کردن.
19ی 6ی 61 پیشمه‌رگه‌کان پێگه‌ی دوژمنیان له ئاوایی "سۆ" دایه به‌ر ده‌ستڕێژی خۆیان، و پێگه‌یه‌کاین وێران کرد و خه‌ساره‌تێکی زۆری گیانی و ماڵیان پێگه‌یاندن. هه‌روه‌ها پێشمه‌گه‌کان دژی هیزه یارییده‌ده‌ره‌کانی رێژم و به شه‌ڕ هاتن و 32 که‌سیان له هێرشبه‌رانی رێژیمان کوشت.
له‌م به‌ربه‌ره‌کانێدا 5 که‌س له پێشمه‌رگه‌کان به ناوه‌کانی "ئیسماعیل ساعدی" ، "حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌ده"، " عه‌بدوڵا خاتری"، "ساڵه‌ح رۆسته‌می" و " سوهراب خشک" شه‌هید بوون.
20ی 6ی 61 له هێرشی پێشمه‌رگه‌کان به پێگه‌ی دوژمن له ئاوای "لۆنه‌کۆن" خه‌ساره‌تێکی زۆری گیانی و ماڵیان له‌و پێگه‌یه دا.
5ی 7ی 61 پێشمه‌رگه‌کان هێرشیان کرده سه‌ر پێگه‌ی ئاوایی " گازرخانی" 9 که‌س له هێزه‌کانی دوژمنیان کوشت و ژماره‌یه‌کیان لێ بریندار کرد.
6ی 7ی 61 پێگه‌ی هێزه‌کانی رێژیم له ئاوایی "تیله‌کۆ" که‌وته به‌ر هێرشی پێشمه‌رگه‌کان و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ک له هێزه‌کانی رێژیم و له‌وانه به‌رنوێژکه‌ری پاسداره‌کان به ناوی "ئاغا سه‌ید" کوژران. هه‌روه‌ها ژماریه‌کیان لێ بریندار کران.
7ی 7ی 61 یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی ئیداره‌ی ساوامای رێژیم به ناوی "ئیبراهیم زه‌عیمی" به سواری موتورسیکلیت له نێوان ئاوایی "گورگه" به "قه‌ڵاگه" له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانه‌وه گیرا و ئیعدام شۆڕشگێرانه کرا و موتورسیکلیته‌که‌شی ئاگر درا. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان به به‌ربه‌ره‌کانێ له هێزه یارییده‌ده‌ره‌کانی رێژیم که‌وتنه شه‌ڕه‌وه و 33 که‌سیان لێ کوشتن.
9ی 7ی 61 پێشمه‌رگه‌کان پێگه‌ی ئاویی "زیویه" یان خسته ژێر هێرشی چه‌که‌که‌ی خۆیان و هه‌وه‌ره‌ها به‌رگرییان له هێز‌ی یاریده‌ده‌ری رێژیم کرد و له شه‌ڕێکی تووند و نابه‌رابه‌ردا دوای ئه‌وه‌ی 20 که‌سیان لێ کوشتن و باقییه‌کانیان مه‌جبوور به هه‌ڵاتن کردن.
18ی 7ی 61 ئیمام جومعه‌ی کامیاران له ئاوایی " لۆنی سادات" که‌وته به‌ر هێرشی پێشمه‌رگه‌کان و بریندار بوون و هه‌روه‌ها 2 پاسدار که له‌گه‌ڵی بوون کوژران. ( ئه‌م ئیمام جومعه‌یه خاڵۆ عه‌لی حوسێنی خه‌ڵکی ئاوایی لۆن بوو که دواتر بوو به نوێنه‌ری خه‌ڵکی کامێران له مه‌جلسی شۆرای کۆماری ئیسلامی ئێران)
22ی 7ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان جاده‌ی کرماشان ـ پاوه دا جاشێکیان به ناوی ئایته به خۆی بڕنه‌وه‌که‌ی و 60 فیشه‌که‌وه گیرا.
24ی 7 ی 61 پایگای هێزه‌کانی رێژیم له ئاوایی "لۆنی سادات" که‌وته به‌ر ده‌ستڕێژی هێز‌ی پێشمه‌رگه‌کان و پێنج که‌سیان لێ کوژرا و ژماره‌یه‌کیان لێ بریندار بوو.
1ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له نیوان ئاواییه‌کانی "گازرخانی" و "ته‌نگیوه‌ر" له هێرشێکدا ژماره‌یه‌کی له هێزه‌کانی رێژیمیان کوشت و بریندار کرد. دوو که‌س له کوژراوه‌کان به ناوه‌کانی "محه‌ممه‌د عه‌لی به‌دیعزاده" و "غلامره‌زا جابر" ناسران. پێشمه‌رگه‌کان هه‌روه‌ها 2 کڵاشێنکۆف و سێ خه‌شابیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
2ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له هێرشێکدا بۆ سه‌ر جاش و پاسداره‌کانی پێگه‌ی ئاوایی "کاشتر" چه‌ند که‌سیان لێ بریندار کردن.
3ی 8ی 61 دوو ماشینی هێزه‌کانی رێژیم له جاده‌ی کامیاران ـ ماویان که‌وته به‌ر ده‌ستڕێژی پێشمه‌رگه‌کان و 6 که‌س که له نێو ماشینه‌که‌دا بوون کوژران. هه‌روه‌ها پیشمه‌رگه‌کان دوو که‌سیان به ناوه‌کانی "سروان عه‌بدولقاسم خداقلی فه‌رماده گوردان 313 " و " سه‌مه‌د مله‌کان” سه‌رباز ده‌ستگیر کران. له‌م عه‌مه‌لیاته‌دا پێشمه‌رگه‌کان دوو تفه‌نگی ژـ3 و 6 خیشابیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
4ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان پردی ئیرتباتی کامیاران ـ مریوان " پاڵنگان"یان ته‌قانده‌وه.
6ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له 10 کیلومیتری جاده‌ی کامیاران به حسین ئاباد یه‌ک ماشینی تویتای دوژمنیان خسته به‌ر ده‌ستڕێ خۆیان و ته‌قاندیانه‌وه و 6 که‌سه‌که‌ی نێو ماشینه‌که‌ش کوژران. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان 5 تفنگی ژ3 ی و 2 تفه‌نگی کڵاشیکۆف و 28 خیشاب و 900 فیشه‌کیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
7ی8ی 61 ماشینێکی هێزه‌کانی رێژیم له نێوان پایگاکانی ئاوایی 'گازرخانی" و "ته‌نگیوه‌ر" که‌وته به‌ر هێرشی پێشمه‌رگه‌کان و له نێو چوو و ته‌نیا که‌سێک که له نێویدا بوو کوژرا. هه‌روه‌ها پیشمه‌رگه‌کان به‌رپه‌رچی هێزه‌کانی یاریده‌ده‌ری رێژیمیان تێکشکاند و ژماره‌یه‌کیان لێ بریندار کردن.
8ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان جاده‌ی کامێران ـ سنه دا له شه‌ڕێکدا 68 که‌س له هێزه‌کانی رێژیمیان کوشت و ژماره‌یه‌کیان لێ بریندار کردن.
9ی 8ی 61 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان جاده‌ی کامێران ـ سنه دا له شه‌ڕێکدا چوار ماشینی هێزه‌کانی رێژیمیان ئاگر تێبه‌ردا و یه‌کێک له سه‌رنشینه‌کانی که به‌ربه‌ره‌کانێی ده‌کرد کوژرا.
---------------
رۆژی 1ی 5ی 62 پێشمه‌رگه‌کانی هێز‌ی بێستوون له پایگای ئاوایی لۆنی گه‌وره (لۆنی سادات)یان دا و هاوکات ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کان له هێز‌ی یارمه‌تیده‌ری رێژیمیان دا و دوو ماشێنی پڕ له ته‌قه‌مه‌نیان به زۆربه‌ی سه‌رنشینه‌کانیانه‌وه ته‌قانده‌وه. له‌م عه‌مه‌لیاته‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر کوژرا و بریندار له هێزه‌کانی رژێم که‌وته‌وه و 31 سندوق فیشه‌کی کالیبر 50 و پێنسه‌د فیشه‌ک، 10 نارنجۆکی ده‌ستی و 8 خه‌شاب به ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کان که‌وت.
4ی 5ی 62 پایگای دوژمن له ئاوای کاشتر که‌وته به هێرشی پێشمه‌رگه‌کان و بنکه‌ی پایگاکه وێران کرا و که‌سه‌کانی نێو ئه‌و پایگاشه کوژران. له‌م عه‌مه‌لیاته دا یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان به ناوی "به‌ختیار ئه‌حمه‌دی" شه‌هید بوو.
هه‌مان رۆژ پێشمه‌رگه‌کان له نێوان ئاواییه‌کانی "ته‌نگی سه‌ر و "نیه‌ر"دا نوێنه‌ری ریژیم له سپای پاسدارانی "ژاوه‌رۆ" به ناوی "ملا عه‌ره‌ب مه‌نبه‌ری"یان ئیعدامی شۆڕشگێرانه کرد.
رۆژی 11ی 5ی 62 له‌م رۆژه‌دا بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ پێشمه‌رگه‌کان چه‌ندین چالاکیان له ئاواییه‌کانی "ته‌نگی سه‌ر"، "زیویه"، "یه‌خته‌خان"، "بزوه‌ش"، "گڵیان" به‌ڕێوه برد و هێزه‌کانی رێژیمیان له‌وه ئاواییانه‌دا دایه به‌ر هێرشی خۆیان که له‌م چالاکیانه‌دا ده‌یان که‌س له هێزه‌کانی ریژیم کوژرا و بریندار بوون.
25ی 5ی 62 به هۆی به‌ربه‌ره‌کانێ و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هیزه‌کانی رێژیم له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌کانه‌وه له ئاواییه‌کانی ده‌وروبه‌ری کامیاراندا ژماره‌یه‌کی زۆر له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و بریندار بوون.
28ی 5ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له نزیک ئاوایی "هه‌ڵه‌قوشان" ماشنێکی هێزه‌کانی دوژمنیان خسته گه‌مارۆی خۆیانه‌وه به‌ڵام دوای گه‌یشتنی هێزه‌ی یاریده‌ده‌ر پیشمه‌رگه‌کان پاشه‌کشه‌یان کرد، ژماره‌یه‌کی زۆر له هێزه‌کانی رێژیم کوژران که که‌لاکی 8 که‌سیان له به‌رده‌ست پیشمه‌رگه‌کاندا مابوونه‌وه. چه‌ک و چۆڵێکی زۆر که‌وته ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کان.
29ی 5ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان کامیاران و ئاوایی ئافڕیاندا 2ی ماشینی هێزه‌کانی ریژمیان خسته داوی خۆیان و ژماره‌یه‌کی زۆریان لێ کوشتن که که‌لاکی 14 که‌سیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌دا مابوونه‌وه.
له‌م چالاکیانه‌دا ئه‌م که‌ره‌ستانه که‌وتنه ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کان:
2 ماشێن. 1 ڤیدۆ، چه‌کی ژ3 و کڵاشینکۆف 12 دانه. 1 ته‌له‌فزیۆنی ره‌نگی، زه‌بت سه‌وت 1 دانه، موتوری به‌رق 1 دانه، فیشه‌ک 1000 دانه.
له‌م چالاکییه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌ک به ناوی "بیژن عه‌زیز" شه‌هید بوو." شه‌هید بوو.
6ی6ی62 پێشمه‌رگه‌کان پێگه‌ی ئاوایی "ته‌نگیوه‌ر"یان دایه به‌ر ده‌ستڕێژی خۆیان و له هه‌وه‌ڵین زه‌به‌دا پێگه‌یه‌کیان رۆخاند و 7 که‌سی نیشته‌جێ له‌وێدا کوژران، هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان به‌گریان له هێز‌ی پشتیوانی رێژیم کرد و زۆریان لێ کوشتن و بریندار کردن و راویان نان و هه‌روه‌ها یه‌ک به‌سیجیان ده‌ستگیر کرد.
9ی6ی62 پێشمه‌رگه‌کان له نێوان ئاواییه‌کانی "ماویان" و "کۆره‌ده‌ره" هێرشیان کرده سه‌ر ماشینێکی دوژمن و که ته‌قاندیانه‌وه و هه‌موو که‌سه‌کانی نێویشی کوژرا و بریندار بوون. دوای ئه‌وه‌ی که هێز‌ی یاریده‌ری رژیم هاته سه‌ریان 5 که‌سی دیکه‌یان لی کوشتن و راویان نان.
11ی 6ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له نزیک ئاوای "شاهێنی" ماشینێکی هێزه‌کانی رژیمیان دایه به‌ر ده‌ستڕێژی خۆیان و هه‌ر ده که‌سه‌که‌ی نێویان کوشت که که‌لاکه‌کانیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌دا به جێ مابوونه‌وه. هه‌روه‌ها پیشمه‌رگه‌کان 10 قه‌بزه ژـ3 و کڵاشێنکۆفیان، 1300 فیشه‌نگ و 48 ده‌راغی جۆراوجۆر و سێ نارنجۆک و یه‌ک ماشینیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
12ی 6ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له نزیک ئاوایی "گاوه‌رۆ" (له‌وه ده‌چێ مه‌به‌ست چۆم بێ که له جنگ در کردستاندا به ئاوایی نووسراوه) هێزه‌کانی رژیمیان خسته دوای خۆیان و دایاننه به‌ر هێرشی چه‌که‌کانیان. له‌م هێرشه‌دا 12 که‌س له جاشه‌کان کوژران. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌کان له‌م شه‌ڕه‌دا 2 که‌ڵانشینکۆف و 8 ژـ3 و 2 بڕنۆ و 1000 فیشه‌ک و 10 دراغیان به ده‌ستکه‌وت گرت.
له هه‌مان رۆژ پێشمه‌گه‌کان له ئاوایی "شیلان" (مه‌به‌ست ره‌نگه سه‌رشێڵانه بێ) ماشینێکی هێزه‌کانی رژێمیان خسته داوی خۆیان و ته‌قه‌یان لێ کرد که ماشینه‌که ته‌قیه‌وه و هه‌موو که‌سه‌کانی نێوی کوژران و بریندار بوون. دوای ئه‌م هێرشه هێزه یاریده‌ده‌ره‌کانی رژێم هاتنه یاریده‌ی له داوکه‌وتووه‌کانه‌وه که پێشمه‌رگه‌کان له‌وانیشیان دا، له‌م به‌ربه‌ره‌کانێدا که 11 کاتژمیر درێژه‌ی خایاند، 25 که‌س له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و ژماره‌یه‌کیشیان لێ بریندار بوون. له نێوان کوژراوه‌کاندا که‌سانی به‌رپرسی سازمانده‌ری واحیدی ئاموزشی سپای جوانرود و معاون پایگای روانسه‌ر و به‌رپرسی پشتیوانی سپای پاسدارانی روانسه‌ر ده‌بینران.
ده‌ستکه‌وتی ئه‌م شه‌ڕه یه‌ک ماشین تویوتا، که‌ڵاشینکۆفی تاشۆ 1 دانه، بڕنۆ 1 دانه، خشابی ژـ3 و کڵاشینکۆف 10 دانه و 300 فیشه‌کی جۆراوجۆر بوو.
له‌م شه‌ڕه‌دا دوو پێشمه‌رگه به ناوه‌کانی "وه‌لی حاته‌می" و "محمود بازئه‌فکه‌ن" شه‌هید بوون.
25ی 6ی 62 هێزه‌کانی رێژیم له نزیک "ته‌نگیخاو" (له جنگ در کردستان دا ژماره 1 ساڵ 1362 نووسراوه ئاوایی "تنگی ناو" کە ئەمە هەڵەیە ) له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان تێکهه‌چوون، له ژماره‌ی کوژرا و بریندار بوونی هێزه‌کانی رێژیم هه‌واڵێک له ده‌ستدا نیه، به‌ڵام دوو که‌س له پێشمه‌رگه‌کان به ناوه‌کانی "عوسمان خالیدی" و "حه‌مید موزه‌فه‌ری" (مه‌به‌ست شه‌هید حه‌یده‌ره به‌هه‌ڵه له جنگ در کردستاندا به‌و جۆره نووسراوه) شه‌هید بوون. (مه‌به‌ست عوسمان گه‌شکی یه). پێشمه‌رگه‌یه‌کیش به ناوی "سه‌ید محه‌ممه‌د خالیدی به هۆی هێزه‌کانی رێژیمه‌وه ئه‌سیر کرا. (ئه‌م سه‌ید و شیخ محه‌ممه‌ده خزمی کاک دوکتۆر خه‌لێقییه که ئه‌سیریان کرد له ئاوایی ته‌نگیوه‌ر له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکه‌وه پێی ده‌ڵێن بڵێ: مرگ بر قاسملوو. ئه‌ویش ده‌ڵێ مرگ بر خمینی. ئه‌وانیش له‌به‌ر چاو خه‌ڵکه‌وه ده‌یکوژن. پێش ئه‌سیر کردنه‌که‌ی کاک حه‌مه کردیم و هێندێک له ره‌فیقه‌کانی گاڵته‌یان پێ ده‌کرد و که گوایه ترسه‌زاوره به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که به‌و جۆره بوێرانه له‌به‌ر هێزه‌کانی رێژیم‌دا راوه‌ستا زۆر بۆی ناره‌حه‌ت بوون)
3ی 7ی 62 شه‌ش ماشینی هێزه‌کانی رێژیم له نێوان جاده‌ی سنه ـ کرماشان‌دا له نزیکی پایگای "برنجان" و پردی "ره‌زاوه‌ر" که‌وتنه که‌مینی پێشمه‌رگه‌کان له 65 که‌سی نێو ماشینه‌کان ژماره‌یه‌کیان کوژران و بریندار بوون.
4ی 7ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له کێوی "ئاژوان" له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی رێژیم تووشی تێکه‌هه‌ڵچوون بوون، له‌م تێکهه‌ڵچوونه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر له هێزه‌کانی رێژیم کوژران که که‌لاکی 7 که‌سیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌که‌دا به جێ مابوون. له‌م تێکهه‌ڵچوونه‌دا ئه‌م که‌ره‌ستانه به ده‌ستکه‌وت گیران:
کڵاشینکۆف 4 دانه، ته‌فه‌نگی ژـ3 سێ دانه، 300 فیشه‌ک، 32 خیشاب، 35 په‌توو
7ی 7ی 62 ستوونێک ئه‌رته‌شی هێزه‌کانی رێژیم له نێوان ئاواییه‌کانی "یوزیه‌ر" و " ته‌نگیوه‌ر" که‌وتنه که‌مینی هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێک له ماشینه‌کان ته‌قێندرایه‌وه ژماره‌یه‌کی نه‌دیاریش له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و بریندار بوون. که‌لاکی 7 که‌س له کوژراوه‌کان تاکوو کۆتایی شه‌ڕه‌که له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌کدا مابوونه‌وه. له هه‌مان رۆژدا ده‌سته‌یه‌ک له جاشه‌کان له ده‌شتی "ته‌نگیوه‌ر" که‌وتنه که‌مینی پێشمه‌رگه‌کان که دوو که‌سیان لێ کوژران و چه‌ند که‌سیشیان لێ بریندار بوو.
8ی 7ی 62 پێشمه‌رگه‌کان له ئاوایی "گازرخانی" له‌گه‌ڵ جاش و باسداره‌کان ده‌رگیر بوون که له ژماره‌ی کوژرا و برینداری رێژیم هه‌واڵێک له ده‌ستدا نییه. یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان به ناوی "نادر رحمانی" (له جنگ در کردستاندا نووسراوه "رحیمی") (شه‌هید نادر به نادر گورجی به‌ناوبانگ بوو)
17ی 7ی 62 ده‌سته‌یک له پێشمه‌رگه‌کان له ئاوایی "ته‌نگیسه‌ر" له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی رێژیم تێکهه‌ڵچوون که له‌م شه‌ڕه‌دا ژماره‌یه‌ک له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و بریندار بوون. پێشمه‌رگه‌یه‌ک به ناوی "موزه‌فه‌ر ره‌حمانی" شه‌هید بوو.
18ی 7ی 62 چوار که‌س له هێزه‌کانی رێژیم له بێڵه‌وار که‌وتنه که‌مینی پێشمه‌رگه‌کان و سێ که‌سیان کورژان و یه‌کی دیکه‌شیان بریندار بوو. له هه‌مان رۆژدا پێگه‌ی رێژیم له ئاوایی " نیه‌ر" که‌وته ده‌ستی پیشمه‌رگه‌کان. له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌یان که‌س له هێزه‌کانی رێژیم کوژران و بریندار بوون که که‌لاکی 19 که‌سیان له به‌رده‌ست پێشمه‌رگه‌کاندا مایه‌وه. هه‌روه‌ها 28 که‌س له جاشه‌کان به دیل گیران. که ناوه‌کانیان له رادیۆ ده‌نگی کوردستانه‌وه بڵاو کرایه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ستکه‌وتی پێشمه‌رگه‌کان به‌م جۆره بوو.
1ـ خمپاره ئه‌نداز 81 میلیم یه‌ک دانه
2ـ ئارپی جی 7 یه‌ک دانه
3ـ تیربار ژـ 3 دوو دانه
4ـ تفه‌نگی ژـ3 37 دانه
5ـ ته‌فه‌نگی بڕنۆ 5 دانه
6ـ کڵاشینکۆف یه‌ک دانه
7ـ گولله‌ی خومپاره‌ی 81 میلیم 53 دانه
8ـ گولله ئاربی جی 7 سی و چوار دانه
9ـ فیشه‌کی ژـ3 حه‌ڤده‌هه‌زار دانه
10ـ نارنجک ده‌ستی چوار سندوق
11ـ نارنجک سه‌ری ژـ3 ده سندوق
12ـ فشه‌کی کلاشینکۆف 2800 دانه
13ـ فیشه‌کی بڕنۆ 4 هه‌زار دانه
14ـ بی سیم پی ئار سی 77 یه‌ک دانه
15ـ ته‌له‌فوونی سه‌حرایی 3 دانه
16ـ باتری بی سیم پی ئار سی 77 حه‌وت دانه
17ـ پالتاو 37 دانه
18ـ مین زدی نه‌فه‌ر 1 سندوق
19ـ تی ئن تی 1 سندوق
20ـ مین 10 دانه
21ـ خه‌شابی ژـ3 دووسه‌د دانه
درێژه‌ی باسه‌که